چوارچێوە هاوئاهەنگی كۆ دەبێتەوە

:: PM:09:23:23/02/2026 ‌

دوای ئەو گوشارە زۆرەی ئەمەریكا و پەیامەكانی دوایی بۆ شیعە، بەپێی سەرچاوەكان ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك و یەكلاكردنەوەی كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستی بە كۆبوونەوە كردووە. 

بەپێی سەرچاوەكە كۆبوونەوەكە لە ماڵی شێخ هەمام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق ساز دەكرێت و تیایدا دۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ دەكرێت، دووپات لە پێویستی یەكلاكردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دەكرێتەوە.

لەو كاتەی شارەزایان دەڵێن چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوی لەوەیە بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە و نەهێشتنی چەقبەستووی سیاسی و ترازانی ناو ماڵی شیعە، نووری مالیكی خۆویستانە پاشەكشە بكات، كەچی مالیكی پێی راگەیاندوون كە پاشەكشە ناكات، بەڵام ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوە بڕیار بدەن دەتوانن، بۆیە هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی چوارچێوە، كۆبوونەوەی سەركردەكانی شیعەش بە جیا هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە. 

هەر ئەمشەو مالیكی لە بەغدا سەردانی شێخ هەمام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كرد، حەموودی دووپاتی لە گرنگیی پاراستنی یەكپارچەیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بڕیاری نیشتمانی وەك بنەمایەك بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز بە رووی ئاڵنگارییەكان كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل