سەركردەیەكی دیموكرات مەبەست لە هاوپەیمانیی هێزە كوردستانییەكان ئاشكرا دەكات

:: PM:10:54:23/02/2026 ‌

دوێنێ پێنج حزبی رۆژهەڵاتی كوردستان هاوپەیمانییەكیان بەناوی "هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران" پێك هێنا، دووپاتیان كردەوە كە ئامانجیان خەباتە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران، سەركردەیەكی حزبی دیموكرات دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانیەتییەكە بۆ بەهێزكردنی بوونی كوردە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ئێران.

كەریم پەروێزی ئەندامی سەركردایەتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دووپاتی كردەوە، ساڵانێكە حزب و هێزە سیاسییە كوردییەكانی رۆژهەڵات كار بۆ یەكخستنی هەوڵەكانیان لە چوارچێوەیەكی هاوبەشی سیاسی دەكەن كە بەرجەستەی دەنگی كورد لە ئێران و خواستی گەلی كورد لەو قۆناغە هەستیارە لە مێژووی ئێران بكات.

روونی كردەوە، دۆخی ئێستەی سیاسیی ئێران و ئەو گۆڕانكاری و ئاڵۆزییە ناوخۆیی و دەرەكییانەی هەن، وا دەخوازن هێزە كوردییەكان یەك ریز بن و بە گیانێكی بەرپرسیارانەی مێژوویی لەپێناو مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كورد و مافی پێكهاتەكانی تری ئێران و لەپێناو بنیاتنانی سیستمێكی دیموكراسی لە سایەی دادوەری و یەكسانیدا كار بكەن كە ددان بە جۆراوجۆری نەتەوەیی و سیاسی لە ئێران دابنێت.  

پەروێزی ئاماژەی كرد كە یەكێتیی ئەو حزبانە و سازانی هەڵوێستی سیاسییان، بوونی كورد لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی لە ئێران بەهێزتر دەكەن و سەنگ و قورساییەكی زیاتریان لە كاتی هەر پەرەسەندنێك یان دانوستانێكی داهاتوو پێ دەبەخشێت، هاوكات پەیامێكی روون ئاراستەی پێكهاتە و گەلانی تر دەكات بەوەی كورد یەكگرتوون و رۆڵێكی سەرەكییان لەهەر گۆڕانكارییەكی چاوەڕوانكراودا هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل