توێژەرێك: لە سەردەمی حكوومەتی چوارچێوەدا دەسەڵاتی ئەمەریكا زۆر زیادی كردووە

:: PM:07:37:24/02/2026 ‌

زۆر جار میدیاكانی شیعە، بەتایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و میلیشیاكان دروشمیان لە دژی ئەمەریكا و دەستورۆیشتوویی لە عێراق دووبارە كردووەتەوە، ئەوان لەسەر ئەو بنەمایە حزب و پێكهاتەكانی تری عێراق هەڵدەسەنگێنن و بە لایەنگیری بۆ واشنتن تۆمەتباریان دەكەن، كەچی توێژەرێك ئاماژە دەكات لە سەردەمی حكوومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا دەسەڵاتی ئەمەریكا لە عێراق زۆر زیادی كردووە.

د. محەمەد نەعناع توێژەری سیاسی لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، لە سەردەمی حكوومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەسەڵاتی ئەمەریكا لە عێراق زۆر زیادی كردووە و شێوەیەكی راستەوخۆی ئیدارەدانی وەرگرتووە، ئەمەریكا بووەتە خاوەن بەرژەوەندیی ستراتیجی لە عێراق، لەوانە دەركردنی كۆمپانیا نەوتییە رووسییەكانی وەك "لوك ئۆیلگ" و شوێنگرتنەوەی لە لایەن كۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمەریكی لە كێڵگەی دووەمی رۆژئاوای قورنە.

زیاتر دەڵێت، ئەوە جیا لە پێدانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكە بە مافی راستەوخۆی پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی ناسرییە و كاركردن لە چەند شوێنێكی تر لە پارێزگاكانی زیقاڕ و سەڵاحەدین، بەتایبەتی كێڵگەی بەلەد، هەرچی كۆمپانیای "ئیكسۆن مۆبیل"ی ئەمەریكییە، ئەویش رێككەوتنێكی بۆ ئیدارەدانی كێڵگەی نەوتی مەجنوون واژوو كردووە، جیا لە رێككەوتنێكی سەرانسەری بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كەرتی نەوت و غاز. 

نەعناع دووپاتی كردەوە، ئەوەی جێی سەرنجە كاتێك سەیری ئامرازی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەیت، هیچ هەواڵێك لەبارەی ئەو پەرەسەندنەی دەسەڵاتی ئەمەریكا نادۆزیتەوە، بەتایبەتی وردەكاریی كاركردنی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل