بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو گەڕێكی تری دانوستانی ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ بەڕێوە بچێت، ئەمەریكا داوای لە ئێران كردووە رەشنووسێكی رێككەوتن ئاماد بكات، پێش ئەویش سەرۆكی ئەمەریكا 10 بۆ 15 رۆژی بۆ ئێران دیاری كردبوو بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بەرپرسێكی باڵای ئێران دەڵێت، هەموو هەوڵێك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دەدەن.
مەجید تەخت روانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیداری ئێزگەیەكی ئەمەریكی دەڵێت، تاران ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە خێراترین كات، ئێمە ئامادەین بۆ هەر هەنگاوێك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا، بۆیە لە دانوستانەكانمان لە جنێڤ بەردەوام دەبین، بە هەمان شێوەی هەفتەی رابردوو و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت و وەك ئەوەی رێككەوتنمان كردووە بەردەوام دەبین.
رەوانچی دووپاتی كردەوە، ئێمە ئامادەین بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە خێراترین كات، هەموو هەوڵێك بۆ ئەو كارە دەدەین، ئەوە ئەگەر ویستی سیاسیی هەموو لایەنەكان هەبێت، پێم وایە دەتوانین لە نزیكترین كات بە رێككەوتن بگەین.
یەكشەمی رابردوود بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی رای گەیاند كە دانوستانكارانی ئەمەریكی ئامادەن بۆ گەڕێكی نوێی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران لە رۆژی هەینی داهاتوو لە جنێڤ لە سویسرا، ئەوە ئەگەر ئەمەریكا پێشنیازێكی تێروتەسەڵ لەبارەی رێككەوتنێكی ئەتۆمی لە 48 سەعاتی داهاتوو لە ئێرانەوە بەدەست بگات.
ئەمڕۆ كارۆلاین لیفیت گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە یەكەم بژارەی سەرۆك ترەمپ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بریتییە لە رێگەچارەی دیپلۆماسییە، بەڵام هاوكات ئەگەر پێویست بكات ئامادەیە بۆ رێگەچارەی سەربازی، ئەوە لەوكاتەی شاندی ئێران و ئەمەركیا خۆیان بۆ دانوستانەكانی پێنجشەمی داهاتوو لە جنێڤ ساز دەكەن.