ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەرانا بڵاوی كردەوە، لە خۆپێشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا 555 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ دەستبەسەر كراون و 236 منداڵیش كوژراون.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ڕاپۆرتێكدا ئاماری كوژران و دەستبەسەركردن و برینداربوونی خۆپێشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بڵاو كردەوە و تا ئێستە، حەوت هەزار و 15 كەس كوژراون و 53 هەزار و 777 خۆپێشاندەر دەستبەسەر كراون، هەروەها 25 هەزار و 845 خۆپێشاندەریش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەكراوە، لە نێو ژمارەی كوژراوەكاندا شەش هەزار و 488 كەسیان خۆپێشاندەر بوون، لە ناویاندا 236 منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵ هەیە، هەروەها 207 كەسیش لە هێزە تەناهییەكانی سەر بە ڕژێمی ئێران و 76 كەسیش لەو هاووڵاتییانەن، كە بەشداری خۆپیشاندانەكان نەبوون و كوژراون، هەروەها لە نێو ژمارەی دەستبەسەركراوەكان 555 كەسیان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵن و 147 كەسیی تریش خوێندكاری زانكۆن.