دوای چەند جارێك دواخستن، بڕیارە هەینی داهاتوو وادەی ئەمەریكا بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كۆتایی بێت، بۆیە بڕیارە سبەی چوارچێوەكە كۆ ببێتەوە و بڕیاری كۆتایی بدات، یان لە پاڵپشتیكردنی مالیكی و تەحەداكردنی ئەمەریكا بەردەوام بێت، یان بە كاندیدێكی هاوبەش بیگۆڕێت.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات، ئەو بوارەی ئەمەریكا بە شیعەی دا بۆ پێكهێنانی حكوومەتێك بتوانێت خواستەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە بێنێتە دی، هەینی داهاتوو كۆتایی دێت، واتە دەبێت تا ئەو كاتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی یەكلا بكاتەوە، یان ملكەچی بۆ داواكانی ئەمەریكا یان تەحەداكردنی، بەپێی زانیارییەكان نووری مالیكی پاشەكشە ناكات، بۆیەش تۆپەكەی هاوێشتووەتە یاریگەی چوارچێوە، كە ئەویش لەناوەوە لەبارەی مالیكی و شوێنگرەوەكەشی دابەش بوونە.
هاوكات بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی دووپاتی لە هەڵوێستی ئەمەریكا بە رەتكردنەوەی كاندیدبوونی مالیكی كردەوە، لەپاڵ تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و پەیامەكانی جوشوا هاریس كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق و ئەو پەیامەی باڵوێزخانەی عێراق لە واشنتن گواستیانەوە، لە سەردانی دوایی تۆم باراك نێردراوی ئەمەریكا بۆ سووریا و لبنان بۆ بەغدا، ئەوانە هەر هەمووی وەڵامی كۆتایی ئەمەریكان بۆ عێراق لەبارەی رەتكردنەوەی مالیكی و پێویستی كاندیدكردنی كەسێكی تر بۆ پۆستەكە، باراك ئەوانەی لە نزیكەوە بە بەغدا و هەولێریش راگەیاند و روونی كردەوە كە ئەگەر چوارچێوە لەسەر مالیكی سوور بن ئەمەریكا چی دەكات.