ویتكۆف مەرجێكی نوێی ئەمەریكا لە دانوستانەكان ئاشكرا دەكات

:: PM:10:42:25/02/2026 ‌

بڕیارە سبەی پێنجشەم سێیەم گەڕی دانوستانی ناراستەوخۆی ئێران و ئەمەریكا لە جنێڤ بە ناوەندگیریی عومان بەڕێوە بچێت، ئەمڕۆ ئێوارە شاندی باڵای ئێران بەرەو جنێڤ بەڕێ كەوت و رایان گەیاند كە سوورن لەسەر گەیشتن بە رێككەوتن، لەو ناوەدا ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی كۆشكی سپی و سەرۆكی ئاندی ئەمەریكا مەرجێكی نوێی وڵاتەكەی بۆ هەر رێككەوتنێك راگەیاند. 

ویتكۆف دوێنێ سێشەم لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت رای گەیاندووە كە ئیداری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوا لە ئێران دەكات بۆ رازیبوون لەسەر ئەوەی هەر رێككەوتنێكی داهاتووی ئەتۆمی تا كاتێكی نادیار بەردەوام بێت، وەك ماڵپەڕی "ئاكسیۆس" لە بەرپرسێكی ئەمەریكی و دوو سەرچاوەی تری ئاگەداری گواستەوە، ئەو گوتی، لەوەوە لەگەڵ ئێرانییەكان دەست پێ دەكەین كە بڕگەی كۆتاهاتنی پابەندی و بەسەرچوون لە هەر رێككەوتنێك نییە، واتە بگەین بە رێككەوتن یان نا، دەبێت تا هەتایە پابەند بن. 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، گفتوگۆی ئێستە سەرنج دەخاتە سەر دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵام لە حاڵەتی گەیشتن بە رێككەوتن، ئیدارەی ئەمەریكا هەوڵی دەدات لە گەڕەكانی داهاتووی دانوستانەكان باسی بەرنامەی مووشەكی ئێران و پاڵپشتیكردنی گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكەش بگرێتەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە وڵاتانی ناوچەكەش لەو دانوستانانە بەشداری بكەن، ئەو قسانەی ویتكۆف بەر لە دەست پێكردنی سێیەم گەڕی دانوستانەكانی جنێڤ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دێت.

شایەنی باسە بڕگەی كۆتاهاتنی وادە و بەسەرچوونی زۆرینەی كۆتەكانی سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە هەنگاو لە ماوەی هەشت بۆ 25 ساڵ لە دوای واژووكردنی رێككەوتنی 2015، یەكێك بوو لە رەخنەكانی لە ئیداری باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا دەگیرا، كە هۆكارێك بوو وای كرد ترەمپ لە 2018 لە رێككەوتنەكە پاشەكشە بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل