مەشعان جبووری لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ئاشكرای كرد، هێزێكی تایبەتی تەناهیی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی یەزنی كوڕی و بەرەو شوێنێكی نادیاریان بردووە.
مەشعان جبووری كە سیاسییەكی سوننی و كەسێكی دیارە لە عێراق، بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتدارانی عێراق بەتایبەت شیعەكان و میلیشیاكان دەگرێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ جبووری رای گەیاند، هێزێك هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەم و یەزنی كوڕمیان رفاندووە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە هۆكاری چی بووە و ئەو هێزە كێ بوون.
بەپێی دادگاكانی عێراق، جبووری چەندان تۆمەتی لەسەرە، بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمیی سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی بەغدا- كەرخ كە لە ڕێكەوتی 25ـی شوباتی 2026 دەرچووە، یەزن مەشعان جبووری چەند تۆمەتێكی ئاراستە كراوە.
تۆمەتەكان بریتین لە ساختەكاری لە كاری پیشەیی و بەكارهێنانی پێگەیەكی مەدەنیی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی بەبێ ڕێگەپێدان. لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، یەزن جبووری لەو ڕێگەیەوە بڕی 41 ملیار دیناری وەرگرتووە، بۆیە فەرمانی پشكنینی ماڵ و گرتنی دەركراوە.