خەریكە وادەی درێژكراوەی ئەمەریكا بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی تەواو دەبێت و ئەوان دەستەوەستانن و ناتوانن بڕیار بدەن و خۆیان لە نێوان ملكەچی بۆ گوشارەكانی ئەمەریكا بە گۆڕینی نووری مالیكی و پێكهێنانی حكوومەتێكی دوور لە ئێران و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا و خۆدانەپاڵ ئێران یەكلا بكەنەوە، راپۆرتێك بژارەكانی بەردەم شیعە ئاشكرا دەكات.
ئێستە بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەنیا بابەتێكی ناوخۆیی عێراق و شیعە نەماوە و بووەتە بابەتێكی دەرەكی و گوشار و بە ململانێی ئێران و ئەمەریكا پێوەست كراوە، هاوكات بۆ شیعە بووەتە تاقیكردنەوەیەكی قورس و خەریكە لە نێوان ملكەچی بۆ ئەمەریكا یان ئێران و لێكهەڵوەشانەوە ترازانی چوارچێوەكەیان سەرپشكیان دەكات.
بەپێی چەند
سەرچاوەیەك ئێستەی بەرەی رەتكردنەوەی كاندیدبوونی نووری مالیكی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كۆی 12 هێزی چوارچیوەكە، بوونەتە شەش، ئەوانیش عەسائیب ئەهلولحەق و رەوتی حیكمە و هاوپەیمانی سوودانی و هاوپەیمانی نەهجی وەتەنی و بارستەی سەنەد و هاوپەیمانی نەسرن، لەوكاتتەی ئەو بە دەنگی زۆرینەی چوارچێوە كاندید كراوە، بەڵام تویتەكەی ترەمپ دۆخەكەی گۆڕی.
لەو ناوەدا و لە راپۆرتێكی ئاژانسی مۆنت كارلۆ باسی ئەوە دەكرێت كە جگە لە ترەمپ، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە داوای گۆڕینی مالیكی كردووە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كاندیدبوونی مالیكی داوە و راگەیاندنی ئەو بابەتەش تەنیا پێوەستە بە كات، بۆیە ئێستە مشتومڕی ناو چوارچێوە لەسەر میكانیزمی راگەیاندنی هەڵوەشانەوەكەیە نەك بڕیاردان، چاوڕوان دەكەن مالیكی پاشەكشەی خۆی رابگەیەنێت یان خۆیان بە فەرمی رای بگەیەنن، بەڵام ژمارەیەك لە سەركردەكانی شیعە پێیان وایە بڕیارەكە بەر لە هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران رابگەیەنرێت.
بە گشتی شیعە سێ رێگەیان لەپێشە، یان كاندیدبوونی مالیكی هەڵوەشێننەوە كە ئەوەش پێویستی بە دەنگی هەست هێزی چوارچێوەكە هەیە، بەڵام چۆن مالیكی رازی دەكەن؟، دووەم بەردەوامبوون لەسەر پاڵپشتیكردنی مالیكی و رووبەڕووبوونەوەی سزاكانی ئەمەریكا، یان ئەوەتە مالیكی خۆی خۆویستانە پاشەكشە بكات و رۆڵی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هەبێت، كە تا ئێستە بەوە رازی نییە.