سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایان کرد، پەیامێکی فەرمیی ئەمەریکا ئاراستەی نووری مالیکی کراوە و بڕیارە سبەی نێردراوی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیاندنی دواین هەڵوێستی واشنتن، لەگەڵیدا کۆ ببێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2026، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بە کەناڵی "ئەلئولا"یان ڕاگەیاند، بڕیارە لە چەند سەعاتی داهاتوودا (سبەی شەموو)، تۆم باراک نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆ ببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانج لەم دیدارە گەیاندنی پەیامێکی ڕوونی ترەمپە بە مالیکی سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی لەسەر کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
پێشتر ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی ئاماژەی ئابوورییەوە، ناڕەزایەتیی (تەحەفوز)ـی خۆی لەسەر گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات دەربڕیبوو، هۆشداریشی دابوو کە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێوەندییە دوولایەنەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەبێت.