تەقە لە ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتارێکی ئێران کرا

:: PM:01:41:27/02/2026 ‌
داواکاری گشتیی پارێزگای قەزوین ڕای گەیاند، ئەو دوو کەسەیان گرتووە کە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران کردووە و دەرکەوتووە ڕووداوەکە تیرۆریستی نەبووە.

ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2026، عەلی ئەسغەر عەسکەری داواکاری گشتیی قەزوین بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەهۆی تەقەکردن بە چەکی ڕاو لە ئۆتۆمبێلی عەباس بیگەدلی پەرلەمانتاری شاری تاکوستان لە باکووری ئێران، ناسنامەی بکەرانی ڕووداوەکە ئاشکرا کراوە و گیراون.

عەسکەری ئاماژەی بەوە داوە، ئەو کەسانە بە خێرایی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەرییەکان گیراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.

داواکاری گشتی دووپاتی کردەوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ڕووداوەکە مۆرکی تیرۆریستیی نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هەموو لایەنەکانی ڕووداوەکە بەردەوامن.

جێی باسە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەم، ئۆتۆمبێلی تایبەتی عەباس بیگەدلی نوێنەری خەڵکی تاکوستان درایە بەر دەستڕێژی گولە، بەڵام ناوبراو هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە و تەندروستیی باشە.



وشە - پۆڵا مەحموود