عێراق لەسەر هێرشەكەی سوپای كوێت هاتەدەنگ

:: PM:09:55:27/02/2026 ‌
وەزارەتی ناوخۆیی عێراق لە راگەینراوێكدا دووپاتی دەكاتەوە بە هیچ شێوەیەك لە سنووری عێراق و كوێتدا، هێزەكانی كوێت تەقەیان لە خاڵە سنوورییەكانی بەسرە نەكردووە و ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە.

ئەمڕۆ هەینی 27ی شوبات وەزارەتی ناوخۆیی عێراق راگەینراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا دەڵێ‌، "هەندێك راگەیاندن و تۆڕی كۆمەڵایەتیی هەواڵیان لەسەر تەقەكردن لە دیوی كوێت بە ئاراستەی خاڵە سنوورییەكانی بەسرە بڵاوكردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ تەواوی ئەو زانیارییانە رەت دەكاتەوە و راست نین، هیچ رووداوێكی لەم جۆرە تۆمار نەكراوە و بارودۆخی سنوور ئاسایی و سەقامگیرە".

لە دوو رۆژی رابردوودا هەندێك میدیای عێراقی و كوێتی زانیاری ئەوەیان بڵاوكردەوە هێزەكانی كوێت لە سەر سنوور تەقەیان كردووە و مانۆرێكی سەربازی گەورەشیان ئەنجام داوە. ئەم زانیارییانەیش دوای ئەوە هات گرژییەكی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان ئەم دوو وڵاتە سەری هەڵدا، بە هۆی پێدانی هەندێك نەخشە لەلایەن عێراقەوە بە نەتەوە یەكگرتووەكان، كوێتیش ئەو نەخشانە بە پێشێلكاریی بۆ سەر سنووری خۆی دەزانێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل