ترەمپ: ئێرانێكی ئارام و ئازادمان دەوێت

:: PM:04:31:28/02/2026 ‌


بەیانی ئەمڕۆ شەموو هێرشێكی كتوپڕی سەربازیی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریكا وەك خۆیان ناویان ناوە پێشوەختە، بۆ سەر ئێران دەستی پێ كرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رای گەیاند كە ئامانجی ئەو ئێران ببێتە دەوڵەتێكی ئارام و گەلی ئێران ئازاد ببێت، لەوكاتەی ئێران دەیەوێ بازنەی رووبەڕووبوونەوە و شەڕ فرەوان بكات. 

ترەمپ لە دیدارێكی رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی گوتی، هەموو ئەوەی من دەمەوێت ئازادییە بۆ گەلی ئێران، گرنگە بتوانین ژیان لە ژینگەیەكی ئارام بۆ گەلی ئێران وابین بكەین كە رێز لە ماف و ئازادییە سەرەكییەكانیان بگیرێت.

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلە و نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، ئەوەش لە دوای دەست پێكردنی هێرشە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە بەیانی ئەمڕۆ شەموو.

ئەو لە تویتێك دووپاتی كردەوە كە ئەو پەرەسەندنەی ئێستە مەترسییە بۆ سەر هەمووان و پێویستە بوەستێت و هەڵگیرسانی شەڕ ئەنجامی خراپی بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت و پێویستە ئێران بە نیازپاكیی دانوستان بكات بۆ كۆتهێنان بە بەرنامە ئەتۆمی و بالیستییەكەی و هەنگاوەكانی بەرەو تێكدانی سەقامگیری لە ناوچەكە . 



 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل