لە دوای هێرشە كتوپڕەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و وەشاندنی گورزێكی گەورە لەو وڵاتە كە هێشتا ئەنجامەكەی بە وردی دیار نییە، ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشە دەستی بە بۆردمانكردنی تەواوی وڵاتانی ناوچەكە كرد، كە بنكەی سەربازیی ئەمەریكیان تیادایە، لەوانە هەرێمی كوردستان، بەو هۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەركۆنەی ئەو هێرشانەی ئێران و ئەمەریكاشی كرد.
بەپێ
ی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەركۆنەی توندی دەستدرێژییەكانی سەر چەند ناوچەیەكی ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و ئەو هێرشانەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمانی عێراق دانا، مەبەست لەو هێرشانە پاڵنانی عێراقە بەرەو ئەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە، كە عێراق رەتی دەكاتەوە و داوای وەستانی بەپەلەی دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە سیاسەتی عێراق بریتییە لە سەركۆنەكردنی شەڕ و باوەڕهێنان بە چارەسەری ململانێكان لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە، بۆیە پاڵپشتی لە رێگەچارەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەكەین و سەركۆنەی هەڵمەتە سەربازییەكانی سەر ئێران دەكەین.
وەزارەتەكە ئاماژەی كرد كە هەر فرەوانكردنێكی بازنەی شەڕ هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ململانێكە، هاوكات عێراق پاڵپشتی لە وڵاتانی ناوچەكە دەكات، بەتایبەتی هەڕەشەكانی سەر وڵاتانی كەنداو رەت دەكەنەوە و دووپات لە پابەندبوون بە چارەسەرییە دیپلۆماسییەكان و گفتوگۆ دەكەنەوە بۆ سەقامگیریی ناوچەكە.