ئیسرائیل ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكرای كرد كە شەپۆلێكی نوێی مووشەكی ئاراستەی ئێران كردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئێرانییەكان لە دۆخێكی ناخۆشدان، بەهۆی كوشتنی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی لەلایەن بۆردمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە.
لە ئەنجامی بۆردمانەكانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، وەك تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، عەبدولڕەحیم مووسەوی سوپاسالاری سوپای ئێران كۆتایی پێ هێنرا.
سەرچاوەیەكی ئیسرائیلیش لەوبارەیەوە بۆ ڕۆیتەرز دووپاتی لەوە كردووەتەوە، هیچ گۆڕانكارییەك لە ستراتیجی سەربازی ئیسرائیلی ڕووی نەداوە و تەلئەبیب بەردەوام دەبێ لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئێران و ژێرخانی مووشەكی ئەو وڵاتە، كوژرانی خامنەیی دوا ئامانجی تەلئەبیب نییە، بۆیە لە بۆردمانەكان بەردەوام دەبین.
بەردەوامبوونی ئیسرائیل لە بۆردمانكردنی ئێران لە كاتێكدایە كە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم، ئێرانیش بەهەمانشێوە دەستی بە بۆردمانكردنی ئیسرائیل كرد، هاوكات بنكەكانی ئەمەریكای لە قەتەر و بەحرێن ئیمارات كردە ئامانج.