بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری كرده ئامانج، هاوكات بەهەمانشێوە فڕۆكەخانەی هەریریش كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدان، فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی لێ كەوتە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بەربوونەوەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەی فڕۆكەخانەی هەولێر، هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵام دووكەڵێكی بەرز لە ئاسمانی هەولێر بەرز بووەوە. فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەیش ئامانجی خۆی بە تەواوی نەپێكاوە، كەوتووەتە دەرەوەی فڕۆكەخانەوە.
لەلایەكی ترەوە بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە هەریر بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی كرایەسەر، هێرشەكەش پووچەڵ كرایەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێ بكەوێتەوە. سەرچاوەیەكی تەناهی لەوبارەیەوە بۆ كەناڵی ئەلحوڕەی ئەمەریكی ئاشكرای كردووە، بنكەی سەربازی هەریر بنكەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە ناوچەكە، بەڵام ڕووبەڕووی هێرشكردن بە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێ بكەوێتەوە، درۆنەكە كەوتووەتە خوارەوە و كۆنترۆڵ كراوە.