بەریتانیا: ڕژێمی ئێران سەرچاوەی شەڕە و كەس بۆی خەمبار نابێت

:: PM:01:14:01/03/2026 ‌

وەزیری بەرگریی بەریتانیا نیگەرانیی خۆی لە هێرشە هەڕەمەكییە زۆرەكانی ئێران دەربڕی و دووپاتی كردەوە، ئەو هێرشانە ژیانی سەربازانی بەریتانی و هاووڵاتییانی وڵاتەكەمان لە دەرەوە دەخەنە مەترسییەوە.

جۆن هێلی وەزیری بەرگریی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، لە دیدارێكی لە بەرنامەی "یەكشەم لەگەڵ لۆرا كوینزبێرگ" لە كەناڵی بی بی سی گوتی، 300 سەربازی بەریتانی تەنیا چەند 100 مەترێك لەو شوێنە دوور بوون كە ئێران هێرشی كردووەتە سەری لە بەحرێن.

زیاتر گوتی، گومان لەوەدا نییە ڕژێمی ئێران كە چەند دەیەیەكە حوكم دەكات، سەرچاوەی شەڕە و هاووڵاتییانی خۆی دەكوژێ و تیرۆر هاوردەی دەرەوە دەكات، لەوانەیش بۆ بەریتانیا.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، هیچ كەس خەمبار نابێ بە مەرگی ئایەتوڵا، دوای هێرشێك كە نووسینگەی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی كردە ئامانج.

ئەو هەڵوێستەی بەریتانیا لە كاتێكدایە كە تا ئێستە وڵاتانی ئەوروپا جۆرێك لە بێدەنگییان بەرانبەر بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردووە، تەنیا سەركۆنەی بۆردمانكردنی وڵاتانی كەنداویان لەلایەن ئێرانەوە كردووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د