ئەمەریكا و ئیسرائیل به‌ دوو هەزار و 100 بۆمب و مووشەك ئێرانیان بۆردمان كردووه‌

:: PM:02:00:01/03/2026 ‌

ڕۆژنامەی جۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی بۆردمانەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران ڕووی لە زیادبووندایە، لە ڕۆژی یەكەمی شەڕ تا بەیانیی ئەمڕۆ، ئیسرائیل هەزار و 200 بۆمب و مووشەك و ئەمەریكایش 900 بۆمب و مووشەكیان ئاراستەی ئێران كردووە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەیانیی ئەمڕۆ سەعات 10.15 خولەك هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، یەكەم شەپۆلی هێرشی فراوانیان كردە سەر پێگەكانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە تاران، تا ئەمڕۆ ئامانجەكانی ئیسرائیل لە كوشتنی ڕێبەری ئێران و بەرپرسانی تری باڵا و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و سیستمی مووشەكی خۆی چڕ كردبووەوە، بەڵام ئێستە ئەوانە تێكشكێنراون و توانای ئەوە هەیە كە هێزی ڕژێمی ئێرانی لە چوارچێوەیەكی زۆر فراوان تێكبشكێنرێت.

تا بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم، ئیسرائیل هەزار و 200 مووشەك و بۆمبی ئاراستەی ئامانجەكان لە ناوەوەی ئێران كردبوو، لەو ژمارەیە تەنیا  لە شەوی ڕابردوودا 200 فڕۆكەی ئیسرائیلی بۆردمانی 500 ئامانجیان لە ئێران كرد.

لە سەرەتادا ئیسرائیل دەیان ڕادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەكانی نزیك لە ئیسرائیل بۆردمان كرد، بەتایبەت لە ناوچەی تاران، لە شەپۆلی دووەمی هێرشەكان، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل سیستمی مووشەكی بالیستی ئێرانیان بە ئامانج گرت، وەك هەوڵێك بۆ سنوورداركردنی تواناكانی ئێران لە هاوێشتنی مووشەكی بالیستی. هاوكات لە شاری تەورێز سوپای ئیسرائیل بۆردمانی سەكۆی هەڵدانی مووشەكی كرد، كە دەیان مووشەك لەو سەكۆیەوە ئاراستەی ئیسرائیل كرابوون.

لەلایەكی ترەوە بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، هێزەكانی 900 ئامانجی ئێرانیان بۆردمان و خاپوور كردووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د