"بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە حسێبی خاكی ئەمەریكایان بۆ دەكرێت"

:: PM:05:07:01/03/2026 ‌

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دوێنێ بە دەستی ئیسرائیل، عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل و ئەمەریكا دەكات، ئەمڕۆ یەكشەم دووپاتی كردەوە كە كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئەمەركیا لە وڵاتانی ناوچەكە، كردنەئامانجی خاكی ئەوان نییە و ئەوانە خاكی ئەمەریكین.

دوای ئەو ناڕەزایەتییە گەورەی وڵاتانی ناوچەكە بەهۆی كردنەئامانجیان لە لایەن ئێران لەكاتی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا، ئەمڕۆ یەكشەم لاریجانی لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئێمە دەستدرێژی ناكەینە سەر ئێوە، بەڵام كاتێك بنكە سەربازییەكانی لەسەر خاكی ئێوە هەن لە دژی ئێمەن بەكار دەهێنرێن، ئەمەریكا هێرشەكانی بەپشتبەستن بە هێزەكانی لەو بنكانە دەبەستێت، ئێمەش ئەو بنكانە دەكەینە ئامانج، ئەو بنكانە خاكی ئەو وڵاتانە نین و خاكی ئەمەریكان.

بەپێی راپۆرتی میدیاكان دوێنێ و ئەمڕۆ یەكشەم دەنگی بۆردمان و تەقینەوە لە پایەتەخت و دامەزراوەكانی وڵاتانی ناوچەكە لە قەتەر و ئیمارات و بەحرێن و سعوودیە و كوێت و عومان بیسترا، كە بریتی بوو لە بۆردمانی مووشەكی و درۆنی ئێران بۆ ئەو وڵاتانە، لەوكاتەی بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ڤیدیۆیی بۆ باسكردنی لێكەوتەی پەرەسەندنەكانی دوایی لە ناوچەكە ساز بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل