حەشدی شەعبی بەشێك لە بارەگەكانی لە نەینەوا چۆڵ دەكات

:: PM:05:17:01/03/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و دەست پێكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و كوشتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و ژمارەیەك فەرماندەی باڵای پاسداران و تەناهیی ئەو وڵاتە، دۆخی عێراق، بەتایبەتی میلیشیاكان لەو رووداوانە دوور نین و ئەوان ترسیان لە هێرشێكی پێشوەختە هەیە، سەرچاوەیەكی تەناهی باسی چۆڵكردنی ژمارەیەك لە بارەگەكانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا دەكات.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە چەند هێزێكی حەشدی شەعبی دەستیان بە چۆڵكردنی ژمارەیەك لە بارەگەكانیان لە پارێزگەكە كردووە، ئەوەش وەك جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی فەرماندەی باڵای حەشد لە پارێزگای نەینەوا لە دوای ئەو پەرەسەندنە تەناهییانەی لە پارێزگاكە هەیە، بەپێی سەرچاوەكە چۆڵكردنەكە نووسینگەكانی مەدەنی یان پێوەندیدار بە چالاكییە ناشەڕوانییەكانی گرتووەتەوە، لەوكاتەی بارەگەكان لەژێر پاسەوانییەكی توندی ژمارەیەكی كەمی چەكدارانیان ماونەتەوە، ئەوەش دوای رێنوێنییەكان بەو چۆڵكردنی كاتیی ئەو بارەگایانە. 

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پەرەسەندنە تەناهییەكانی ناوچەكە دێت، لەوانە هێرش و بۆردمانەكانی چەند شوێنێك لە دەشتی نەینەوا و ئەو پەرەسەندنەی لە ناوچەكە هەیە و ئەوانە وایان كرد كە ئەو رێوەشوێنانە وەربگیرێن، ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە درۆنێك بە بۆمبێك خاڵێكی تەناهی سەر بە لیوای 50ی حەشدی شەعبی كردووەتە ئامانج، واتە گرووپی بابلیوونی رەیان كلدانی لە شارۆكەی تەلكێف و تەنیا زیانی مایەكی هەبووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل