وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە بۆردمانکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی دەکەن لە نەینەوا و ڕای دەگەیەنێت، ئەو هەواڵانە بۆ نانەوەی فیتنەیە و سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەم یەکی ئازاری 2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی هەواڵێکی کەناڵی (یەکی عێراقی) دایەوە، کە تێیدا هاتبوو گوایە هێزەکانی پێشمەرگە بارەگای لیوای 50ی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای نەینەوا بۆردمان کردووە.
وەزارەتەکە ڕای گەیاند، وێڕای ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەم هەواڵە، ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە تەناهییەکانی تری عێراق، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرەیان نەکردووە.
وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی کردەوە، بە مافی یاسایی خۆیانی دەزانن سکاڵا لەسەر کەناڵی (یەکی عێراقی) تۆمار بکەن، چونکە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە "هەوڵی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا".