واشنتن: دامەزراوە مووشەكییەكانی ئێرانمان وێران كردووە

:: PM:09:57:01/03/2026 ‌

لە دوێنێوە هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازیی هاوبەشی ئیسرائیلی و ئەمەریكی لە دژی ئێران بەڕێوە دەچێت، شارەزایان دەڵێن ئەو دوو وڵاتە ئەركەكانیان دابەش كردووە، ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر كەسەكان و گرنگی بە كوشتنی بەرپرسانی باڵای ئێران دەدات و ئەمەریكاش سەرنج دەخاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەكی و سەربازییەكان، ئەمڕۆ سوپای ئەمەریكا كردنەئامانجی دامەزراوە مووشەكییەكانی ئێرانی راگەیاند.

سوپای ئەمەریكا رای گەیاند كە لە هێرشكردنە سەر دامەزراوە مووشەكییەكانی ئێران، پشتی بە فڕۆكەی بۆردمانكەری پێشكەوتووی جۆری "بی-2" بەستووە، لە رێگەی بەكارهێنانی بۆمبی گەورە كە كێشی هەر یەكەیان دەگاتە تۆنێك.

فەرماندەیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵات "سنتكۆم"، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس ڤیدیۆی هەڵفڕینی ئەو بۆردمانكەرانەی بڵاو كردەوە و لەگەڵ نووسیویەتی، شەوی رابردوو فڕۆكە بۆردمانكەرەكانی "بی-2"، كە بۆمبی گەورەیان هەڵگرتووە و هەر یەكێكیان كێشی تۆنێك دەبێت، دامەزراوە مووشەكییە پارێزراوەكانی ئێرانیان بۆردمان كرد، بۆیە نابێت هیچ وڵاتێك گومان لە توانای ئەمەریكا بكات. 

شایەنی باسە بەرنامەی مووشەكی ئێران یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو هەڵمەتە سەربازییەی ئێستە رووبەڕووی دەبێتەوە، كاتێك ئیسرائیل بە بەردەوام گوزشاری لە ئەمەریكا كردووە بۆ ئەوەی توانای مووشەكی ئێران بخرێتە ناو هەر رێككەوتنێكی نوێ و دەبێت مەودای مووشەكەكانی ئێران سنووەردار بكرێت، كە ئێران ئەوە رەت دەكاتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل