راپۆرتێك: سیخوڕێك شوێنی كۆبوونەوەی خامنەیی ئاشكرا كردووە

:: PM:10:56:01/03/2026 ‌

بەیانی دوێنێ شەموو تەنیا مووشەك و بۆمبەكان نووسینگەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانیان وێران نەكرد، بەڵكو سیخوڕی یەكەم مووشەك بوو و بەر لە هاتنی بۆمبهاوێژەكان دیوارەكانی بڕی و شوێن و كاتی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا كرد و هێرشەكە دەستی پێ كرد و كوژرانی خامنەیی و فەرماندە باڵاكانی ئێرانی لێ كەوتەوە.

ماڵپەڕی "نتسیف"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا باسی سیخوڕێك لە ریزی باڵای سەركردایەتیی ئێران دەكات، كلیلی ژوورە داخراوەكانی رادەستی مۆساد كرد، زانیارییە وردەكانی لەبارەی شوێن و كات و لیستی ئامەدەبووانی كۆبوونەوەكەی بەیانی دوێنێی ئێرانی دایە مۆساد و ئیسرائیلیش تا تەواوبوونی ژمارەكە چاوەڕوانی كرد و دوای چوونی ئەو فەرماندە باڵایانە بۆ كۆمەڵگەی سەرۆكایەتی، ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر" دەستی پێ كرد.

هەڵە گەورەكە لە خەمڵاندنی تاران بوو، ئەو سەركردانە وایان زانی رۆژ كاتێكی باش و سەلامەتە بۆ كۆبوونەوە، ئەوەیان لەیاد نەبوو كە ئیسرائیل بەو جۆرە كارانە كارامەیە و ئامانجەكانی بە وردی لەسەر بنەمای بەردەستبوون ئامانجەكە دیاری دەكات، بۆیە 30 بۆمبی زیرەكی بە وردی لە سەر ژووری كۆبوونەوەكە خستە خوارەوە و ناوچەكەی خاپوور كرد و كۆمەڵگەی سەرۆكایەتی بووە تۆپەڵێك ئاگر، ئیسرائیل ئەو ساتەی نووسینگەكەی كردە ئامانج كە خامنەیی و سەركردەكانی سوپای پاسداران بەیەكەوە بوون، هەلێكی زێڕین كە دووبارە نابێتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل