فڕۆكەیەكی جەنگیی ئەمەریكا لە كوێت كەوتە خوارەوە

:: AM:09:06:02/03/2026 ‌

فڕۆكەیەكی جۆری ئێف 15ی هێزی ئاسمانی ئەمەریكا لە كوێت كەوتە خوارەوه، دوای ئەوەی فڕۆكەوانەكەی بە پەڕەشووت خۆی فڕێ دا و بە سەلامەتی گەیشتەوە سەر زەوی، ئێستەیش بەرپرسان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە كردووە و ئێرانیش دووپات لەوە دەكاتەوە كە لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەوانەوە فڕۆكەكە پێكراوە.

شایەتحاڵانی ڕووداوەكە وێنە و ڤیدیۆی ساتی گڕگرتنی فڕۆكەكە و خۆهەڵدانی فڕۆكەوانەكەیان لە ئاسمانەوە گرتووە و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاویان كردووەتەوە، دوای كەوتنە خوارەوەی تیمی وەڵامدانەوەی فریاكەوتن، بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنی كەوتنەخوارەوەی بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە و یارمەتیدانی فڕۆكەوانەكە.

تا ئێستە هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمەریكییەكە نەزانراوە، بڕیارە بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكا لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، بەشێك لە زانیارییەكانیش باس لەوە دەكەن كە بە هۆی كێشەی تەكنیكی و گرفت لە سیستمی كارپێكردن كەوتووەتە خوارەوە، گریمانەیەكی تریش باس لە هۆی دەرەكی و ئەنجامدانی چالاكی ئاسمانی لە دژی ئەو فڕۆكە بە هۆكاری كەوتنە خوارەوەی دەبینن.

فڕۆكەی ئێف 15 سترایك ئیگل فڕۆكەیەكی شەڕكەری زۆر پێشكەوتووە و بۆ دروستكردنی كۆنترۆڵی ئاسمانی دوژمن و ئەنجامدانی بۆردمانی ئاسمانی چڕ بەكار دێت، كەوتنەخوارەوەی ڕووداوێكی گرنگ و ناوازەیە بۆ هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا.

چاوەڕوان دەكرێ هەریەك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و كوێت ڕوونكردنەوەی زیاتر لەبارەی ئەو ڕووداوە بڵاو بكەنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د