ئەڵمانیا: هێزەكانمان لە هەولێر سەلامەتن

:: AM:10:12:02/03/2026 ‌
هێزە چەكدارەكانی ئەڵمانیا لە بنكە سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان و ئوردن بوونیان هەیە و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو بنكە سەربازییانەی كە ئەوانی تێدا بووە، لەلایەن ئێرانەوە كراونەتە ئامانج، بەهۆی شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی سوپای ئەڵمانیا لە بەرلین لەوبارەیەوە گوتی، دامەزراوە فرەڕەگەزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەولێر كە هێزەكانی ئەڵمانیایشی تێدایە، هاوكات لە ئوردنیش هێزەكانی ئەمەریكای سەر بە هاوپەیمانان لەلایەن ئێرانەوە كراونەتە ئامانج.

ئاماژەی داوە، سەربازانی ئەڵمانیا لە هەردوو شوێنەكە سەلامەتن و ڕووبەڕووی هیچ كێشەیەك نەبوونەتەوە، چونكە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر و ئوردن چالاك و كارایە و مووشەكەكان لە ئاسمانەوە دەخاتە خوارەوە.

گوتەبێژێك بە ناوی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكان لەوبارەیەوە گوتی، سەربازانی ئەڵمانیا ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرشەكانی ئێران نەبوون و هەموو ڕێوشوێنێكی پێویستیش بۆ سەلامەتییان گیراوەتەبەر.


وشە - باز ئه‌حمه‌د