هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ناوچانەی بە شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریكا و ئێران كاریگەر بووە، ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق فڕۆكەخانەی هەولێر و چەند ناوچەیەكی تر بۆردمان دەكەن، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانییەكی رژد، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پێی وایە هەرێمی كوردستان هاوپەیمانی ئەوانە و ئەوانیش پاڵپشتی لە هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكە دەكەن.
بیت هیگسیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لەپشت هاوپەیمانەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكە دەوەستنەوە و سەبارەت بە بۆردمانەكانی سەر هەرێمی كوردستان گوتی، ئێمە لە پێوەندی بەردەوامین و لەپشتیان دەوەستین.
لای خۆیەوە
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە خەریكە عێراق راستەوخۆ بەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە كاریگەر دەبێت و ئێران چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكات لەوانە هەولێر، هاوكات لایەنی تر باشوور و رۆژئاوای عێراق بۆردمان دەكەن و ئەوەش عێراق دەخەنە بەردەم ئاڵنگاریی پەرەسەندووی تەناهییەوە.
حوسێن لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هامیش فالكۆنەر وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد، هەردوولا دووپاتیان لە مەترسیداری كردنەئامانجی وڵاتانی كەنداو كردەوە، بەهۆی كاریگەرییەكانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە، ئاماژەیان كرد كە بەردەوامبوونی شەڕەكە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەكە.