ئێران: لە ماوەی 48 سەعاتدا 500 پێگەی سەربازیمان كردووەتە ئامانج

:: PM:07:13:02/03/2026 ‌

لە بەیانی شەمووی رابردوو هێرشێكی فرەوانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەستی پێ كرد و لەو ماوەیەدا زیانی گەورەیان بە ئێران گەیاند، لەوانە كوشتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و پۆلێك فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و بۆردمانكردنی وێستگە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی ئێران، لەو ناوەدا سوپای پاسداران ئاماژە دەكات لە ماوەی 48 سەهاتی رابردوو 500 پێگەی سەربازییان لە ناوچەكە پێكاوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران، لە چوارچێوەی 11ەم شەپۆلی ئۆپراسیۆنی "وەعدی سادق4"، هێزە هاوبەشە دەریاوانی و ئاسمانییەكانی سوپای پاسداران لە سێیەم رۆژی شەڕدا دەیان پێگەی سەربازیی ئەمەریكی و ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانج، كاتێك مووشەك و درۆنەكانی ئێران ناوەند و وێستگەكانی زانیاریی سەربازیی ئەمەریكییان لە كەنداو بۆردمان كردووە.

روونی كردەوە، هەروەها كۆمەڵگەی پێوەندییەكانی سەر بە سوپای ئیسرائیل لە بیئر سەبع و زیاتر لە 20 شوێنی تر لە تەلئەبیب و قودس و جەلیل كراونەتە ئامانج، لە ماوەی تەنیا 48 سەعات هێرش كراوەتە سەر 60 ئامانجی ستراتیجی و 500 پێگەی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل و زیاتر لە 700 درۆن و سەتان مووشەك هاوێژراون.

ئەمە و لەوكاتەدا ئاژانسی "رۆیتەرز"، باسی ئەوە دەكات كە چەندان تەقینەوەی بەهێز لە نزیك دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و بنكەیەكی ئاسمانی لە ئەسفەهان روویان داوە، رەزا نەجەفی باڵوێزی تاران لە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد كە دوێنێ وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز كراوەتە ئامانج، ئەوە لەوكاتەی لە یەكەم شەوی هێرشەكەدا ئەمەریكا بە فڕۆكەی بۆمبهاوێژی "بی2" هێرشی كردبووە سەر وێستگە مووشەكییەكانی ئێران.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل