لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا، ئێران تەواوی وڵاتانی ناوچەكە بۆردمان دەكات، بەو پێی وایە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتانە دەكاتە ئامانج، بەڵام تا ئێستە دەیان دامەزراوەی ئابووری و مەدەنی بە ئامانج گرتووە و ئەوەش ئەو وڵاتانەی توڕە كردووە، ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی قەتەر خستنەخوارەوەی دوو فڕۆكەی جۆری سوخۆی ئێرانی راگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی قەتەڕ رای گەیاند كە سیستمی بەرگریی قەتەڕی دوو فڕۆكەی جۆری "سوخۆی24" یان تێكشكاندووە كە لە ئێرانەوە هاتوون، جیا لە بەرپەرچدانەوەی حەوت مووشەكی بالیستی و پێنج درۆن، دووپاتی كردەوە كە تەواوی مووشەكەكان بەر لە گەیشتنیان بە ئامانجەكانیان تێك شكێنراون.
ئەوە لەوكاتەی ئەمرۆ دووشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی هیچ نیازێكی دوژمنداری بەرانبەر بە وڵاتانی كەنداو نییە و تاران سوورە لەسەر پێوەندییە باشەكانی لەگەڵیان، ئەمە و بەپێی میدیاكانی ئێران عێراقچی لە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتاكانی لە وڵاتانی ناوچەكە كردووە، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و كوێت و بەحرێن و عێراق باسی دۆخی ناوچەكەی كردووە.
لەوكاتەی عێراقچی ئاماژە دەكات كە وڵاتەكەی لەسەر سیاسەتەكانی بە بوونی پێوەندیی باش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەردەوامە، لە چەند رۆژی رابردوو ئێران بە هەرەمەكی لەپاڵ هێرشی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتانە، چەندان شوێن و دامەزراوەی بازرگانی و گشتی وەك فڕۆكەخانە و دامەزراوە نەوتی و بەندەرەكانی بۆردمان كردووە.