دوای ئەوەی دوێنێ حزبوڵای لبنانی بە مووشەكبارانكردنی ئیسرائیل هاتە ناو شەڕی ئیسرائیل و ئێران، ئیسرائیل دەستی بە بۆردمانێكی چڕی باشووری بەیرووت كرد، جیا لە چوونە ناو خاكی لبنان بە هێزی سەربازی، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل كوشتنی كاربەڕێكەری فەرماندەی فەیلەقی لبنانی سەر بە فەیلەقی قودسی راگەیاند، هاوكات هەڕەشەی لە نوێنەرانی ئێران لە لبنان كرد دەبێت ئەو وڵاتە جێبێڵن.
ئەمشەو
ئەفیغای ئادرعی گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ناوچەی تاران داود عەلیزادە كاربەڕێكەری فەرماندەی لبنانی فەیلەقی قودسی ئێرانی كوشتووە، كە دوای كوشتنی حەسەن مەهدەوی لە هێرشەكانی پێشووی ئیسرائیل ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.
ئادرعی روونی كردەوە، عەلیزادە باڵاترین بەرپرسی ئێرانی بوو كە ئەركی سەرپەرشتیكردنی چالاكییەكانی ئێرانی لە لبنان دەكرد، فەیلەقی لبنانی سەر بە فەیلەقی قودس كە ئەو سەرپەرشتی دەكرد، بازنەی بەیەكگەیاندنی نێوان حزبوڵای لبنانی و رژێمی ئێران بوو و لایەنی سەركیی پاڵپشتیی دارایی و چەكداری و سەربازیی حزبەكە بوو، مەرجەعێكی دیار بوو پێوەست بە توانای میلیشیاكان.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل وریایی دایە نوێنەرانی ئێران ئەوانەی لە لبنانن بە پێویستی جێهێشتنی ئەو وڵاتە و لە حاڵەتی مانەوەیان دەكرێنە ئامانج، بۆیە ماوەی 24 سەعاتیان پێ دەدات بۆ جێهێشتنی لبنان و دوای ئەو ماوەیە شوێنێكی سەلامەت و پارێزراویان لە لبنان نابێت و ئەوان دەكرێنە ئامانج.