وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی "ئێكس"ەوە نووسیویەتی، هەڵسوكەوتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە دانوستانەكانی ئەتۆمی، وەك ئەوەیە مامەڵە لە دەستەوارەیەكی خانووبەرە بكات نەك دانوستان، بۆ ئەوەیش سەرۆكی ئەمەریكا خیانەتی لە دیپلۆماسی و دەنگدەرەكانی خۆیشی كردووە.
پێگەی
"شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار بڵاوی كردووەتەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی "ئێكس"ەوە دەڵێت، ئەوەی ئەمەریكا و سەرۆكەكەی لە دانوستانەكاندا دەیكەن، وەك ئەوەیە مامەڵەی دەستەوارەیەكی خانووبەرە بكەن نەك دانوستانی ئەتۆمیی نێوان دوو وڵات.
عێراقچی زیاتر دەڵێت، كاتێك ئەوان بەو شێوەیە مامەڵە لە دانوستانی ئەتۆمی دەكەن، ئەوكات وەك دەستەوارەیەكی خانووبەرەی لێ دەكرێت، بۆیە مەحاڵە ئەنجامێكی بەرچاوی بەدەست بێت.
دواتریش وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی سەرۆكی ئەمەریكاوە گوتی، دۆناڵد ترەمپ خیانەتی لە دیپلۆماسی و گەلی ئەمەریكا بەتایبەتی لە دەنگدەرەكانی خۆیشی كردووە كە هەڵیانبژاردووە، ئەوەی ئەو كردوویەتی، بە ركەوە تەقاندنەوەی مێزی دانوستانە، نەك دانوستان تا بگات ئەنجامێكی باش.
پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، پێنج پارێزگای گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە.