دوێنێ هاتە راگەیاندن كە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو توركیا وەستا، ئەوە هاوكات بەرهەمهێنانی نەوت لە ژمارەیەك كێڵگەی نەوت لە عێراق بەهۆی وەستانی هاتوچۆی كەشتییەكانی هەڵگری نەوت لە گەرووی هورمز وەستا، ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور دووپاتی كردەوە كە هەناردنی نەوتی هەرێم دەستی پێ كراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم
سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور رای گەیاند كە هەناردنی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی كەركووك- جەیهان بەرەو توركیا دەستی پێ كردووەتەوە، ئەوەش دوای وەستانی بۆ ماوەی رۆژێك بەهۆی هۆكاری تەكنیكی و بەكارخستنەوە، سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، پرۆسەی پاڵنانی نەوتەكە بە ئاراستەی بەندەری جەیهانی توركیا دەستی پێ كرایەوە، ئەوەش دوای چارەسەركردنی ئەو كێشەی بووبووە هۆی وەستانی كاتیی هەناردن، ئێستە هەناردنی نەوت ئاساییە.
سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، نەوتە هەناردەكراوەكە هی كێڵگەكانی هەرێمە و لە رێگەی چەند بۆرییەكەوە دێتە گواستنەوە كە بە هێڵی سەرەكیی هەناردن بەرەو خاكی توركیا بەستراوەتەوە، تیمەكانی تەكنیكی كاری پشكنینیان تەواو كرد بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی كێشەكە.
راگەیاندنی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دوای ئەوە دێت دوێنێ سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركووك ئاشكرای كرد كە لە دوای وەستانی ژمارەیەك كۆمپانیای نەوتی لە هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی دۆخی ناوچەكە و ئەو شەڕەی هەیە، هەناردەكردنی نەوتی هەرێم وەستاوە.