هێزە کوردییەکان: کۆماری ئیسلامی لە ترسان لەناو مزگەوت و قوتابخانەکان خۆی حەشار داوە

:: PM:08:23:05/03/2026 ‌
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕای گەیاند، هێرشەکانی تاران نیشانەی لاوازی و ترسی ڕژێمە و تەنیا ئیرادەیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەهێزتر دەکات، هاوکات هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان کە لە بنکەکان دوور بکەونەوە چونکە هێزەکانی ڕژێم لە شوێنە گشتییەکان جێگیر کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاداری 2026، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، هێرشەکانی ڕژێم ئیرادە و خەباتمان لاواز ناکات، بەڵکو ڕەنگدانەوەی لاوازی و ترسی کۆماری ئیسلامییە لە بزووتنەوەی مافەکانی کورد لە ئێران. 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم هێرشانە تەنیا ئیرادەیان بەهێزتر دەکات بۆ خەبات و "ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان".

هاوپەیمانییەکە رای گەیاندووە، هێزەکانی ڕژێم لە ناو مزگەوتەکان، قوتابخانەکان و ناوەندە ئیدارییەکان بڵاوەیان پێ کراوە. 

لە کۆتاییدا داوا لە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانی ئێران دەکەن وریای خۆیان بن و خۆیان لە نزیکبوونەوە لە بنکە سەربازییەکان، دامەزراوە تەناهییەکان و بینا ئیدارییەکانی حكوومەت بەدوور بگرن.


وشە - پۆڵا مەحموود