سەركردەكانی چوارچێوە بە دوای لادانی مالیكین

:: PM:09:20:05/03/2026 ‌

لە دوای دیدارەكەی نووری مالیكی و تۆم باراك لە بەغدا هاتە راگەیاندن كە ئەمەریكا دووپاتی لە پێویستیی گۆڕینی مالیكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران كردووەتەوە، دوو كۆبوونەوەی چوارچێوەیە مالیكی ئامادەی نابێت، لەناو بوونی زانیاری بەوەی زۆرینەی سەركردەكانی شیعە بەدوای گۆڕینی مالیكین و بە دوای كاندیدێكی تری هاوبەش دەگەڕێن.

سێشەم رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆی ساز كرد، كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەشێك بوو لەو بابەتانەی باس كراون، بەپێی سەرچاوەكان نووری مالیكی بەشداریی دوو كۆبوونەوەی دوایی چوارچێوەی نەكردووە، و نۆ سەركردەی چوارچێوەكە لە كۆی 12 سەركردە بە دوای گۆڕینی مالیكین، واتە جگە لە مالیكی و ئەبو ئالای وەلائی و شێخ هومام حەموودی.

نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی لەبارەی ئەگەری كاندیدكردنی سوودانی لە دوای كشانەوەی مالیكی دەڵێت، دادگای فیدراڵ لایەنی بەرپرسە لە لێكدانەوەی دەستووری عێراق، ئەویش تا ئێستە سەبارەت بە گەورەترین بارستەی پەرلەمانی پێكهێنەری حكوومەت بۆچوونی خۆی رانەگەیاندووە، ئاخۆ لە لێكدانەوەی پێشووی پەشیمان دەبێتەوە یان جێگیری دەكات.

روونی كردەوە، ئەگەر دادگای فیدراڵ بڕیاری پاشگەزبوونەوە لە لێكدانەوەی پێشووی سەبارت بە گەورەترین بارستەی پەرلەمان بدات، لە رووی یاساییەوە درەنگە، چونكە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی قەوارەكەی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان تۆمار كردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەكە وەك ئێستە بمێنێتەوە ئەوە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانە. 

حەیدەر لەبارەی قۆناغی دوای كشانەوەی مالیكی گوتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هاوپەیمانیەتییەكەی سوودانی زۆر بچووكە، چونكە پێكهێنانی حكوومەت پێویستیی بە دەنگی دوو لەسەر  سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، دووەم بەربەست بریتییە لەوەی خاوەنی 46 بۆ 48 كورسییە، واتە كەمتر بە 25% لەو رێژەی بۆ تێپەڕاندنی حكوومەت پێویستە، كە پێویستی بە دەنگی زۆرینەی 50 كۆ یەك هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل