وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی ڕەتی کردەوە وڵاتەکەی کەناڵی پێوەندیی لەگەڵ واشنتن کردبێتەوە و ڕای گەیاند، ئامادەن بۆ جەنگێکی درێژخایەن و تەنانەت شەڕی زەوینیش.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئادار، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، داوای ئاگربەستمان نەکردووە و دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ڕەت دەکەینەوە، وەڵامی هیچ نامەیەکی داهاتووی ئەمەریکاش نادەینەوە.
عێراقچی دووپاتی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ جەنگێکی درێژخایەن و ئامادەین بۆ شەڕی زەمینی.
سەبارەت بە هەواڵەکانی ڕۆژئاوا، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، لێدوانەکانی ئەمەریکا لەبارەی هەوڵەکانی ئێران بۆ پێوەندیکردن بە واشنتنەوە، ورد نین و زیادەڕۆییان تێدا کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوەکانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردبوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا تاران لە ڕێی لایەنی هەرێمییەوە نامەی بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناردووە، بەڵام واشنتن وەڵامی نەداونەتەوە و بە "ناڕژد" وەسفی کردوون.
هەروەها ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاوی کردبووەوە، ئەندامانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هەوڵیان داوە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی دەزگای هەواڵگریی وڵاتێکی سێیەمەوە، پێوەندی بە دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (CIA)وە بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە ململانێکان.