سوپای ئیسرائیل کوشتنی بەرپرسی هێزی ئاگرینی حیزبوڵای ڕاگەیاند، لە بەرانبەردا هێرشێکی "دوولایەنە" لە ئێران و لوبنانەوە کرایە سەر حەیفا و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ درا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، هێزی ئاسمانییان "زەید عەلی جومعە" بەرپرسی هێزی ئاگرینی حیزبوڵای کوشتووە. بەپێی بەیاننامەکە، ئۆپەراسیۆنەکە دوێنێ چوارشەم ئەنجام دراوە.
هاوکات سەرچاوە لبنانیەکان ئاماژەیان بەوە داوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل دەوروبەری شارۆکەی ڕێحانیان لە باشووری لبنان بۆردومان کردووە.
لەلایەکی ترەوە بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ڕای گەیاند، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ڕۆژئاوای دەریاچەی تەبەریا، حەیفا و کەنداوەکەی و چەندان ناوچەی باکووری ئیسرائیل لێ دراوە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، چوار مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی جەلیل کراون و هێرشەکە بە "دوولایەنە" وەسف کراوە کە لە لبنان و ئێرانەوە بووە.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ـی ئێرانی لەبارەی هێرشەکەوە ڕای گەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران ناوچەکانی حەیفایان کردووەتە ئامانج.