%80ـی سیستمی بەرگری ئێران لەناوچوونە

:: AM:10:26:06/03/2026 ‌
سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاند كە نزیكەی 80%ی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەناوچوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سوپا بەرەو قۆناغێكی نوێ لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا هەنگاو دەنێت و ژێرخانی سەربازیی لە تاران دەكانە ئامانج.

ئەیال زامیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل تا ئێستە نزیكەی دوو هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی لە ناو خاكی ئێران ئەنجامداوە و زیاتر لە شەش هەزار تۆن تەقەمەنی بەكارهێناوە.

 ڕوونیشیكردەوە، هێرشەكان تیشكیان خستۆتە سەر سیستمی بەرگری ئاسمانی و شوێنەكانی هەڵدانی مووشەكی بالیستی كە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەكرد.

ناوبراو ڕای گەیاند، كە سوپاكەیان توانیویەتی نزیكەی 80%ـی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەناوببات، بەمەش باڵادەستییەكی بەرچاوی ئاسمانی بەسەر ئێراندا بەدەستبهێنێت، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 60%ـی شوێنەكانی هەڵدانی مووشەكی بالیستیكی وێرانكراون، ئەمەش بووەتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسییەكان لەسەر ناوخۆی ئیسرائیل.

زامیر دووپاتی كردەوە كە قۆناغی یەكەمی ئۆپراسیۆنەكە تیشك خرایە سەر باڵادەستی ئاسمانی، هەروەها ئێستە سوپا بەرەو قۆناغێكی نوێ دەڕوات كە ژێرخانی سەربازیی ڕێژیمی ئێران دەكاتە ئامانج و ئۆپەراسیۆنەكانیش لە ماوەی داهاتوودا بەردەوام دەبن.

سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا كە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشی چڕ لە باشووری لوبنان و لە قوڵایی خاكی لوبنان، بە ئامانجی كەمكردنەوەی توانا سەربازییەكانی ئەو گرووپانەی ئەوێ‌.



وشە - رامیار جەواد