میدیاكانی دنیا ئەمڕۆ چەندان راپۆرتییان لەسەر گرنگی رۆڵی پێشمەرگە و بەشداربوونی لە شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل كرد بڵاوكردووەتەوە، ئەو ماڵپەڕە و كەناڵانە باس لە گرنگی پێشمەرگە دەكەن وەك تاكە هێزی گۆڕەپانی ئێران كە دەكرێت بەرەیەكی شەڕ لەناو ئێران بكاتەوە، بەڵام دووپاتی ئەوەیش دەكرێتەوە پێشمەرگە پێویستی بە گرەنتییەكی تەواو هەیە و نابێت پشتی تێ بكرێت.
ئەمڕۆ هەینی شەشی ئادار میدیاكانی جیهان چەندان راپۆرتیان لەسەر بەشداربوونی كورد كردووە لە شەڕی ئێران و بۆ رزگاركردنی رۆژهەڵاتی كوردستان، وەك تاكە هێزێكی یەكگرتوو لە گۆڕەپانی ئێران نیشان دراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندان پرسیاری گرنگ دەوروژێنرێت لەسەر چۆنیەتی هاوكاریكردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئێران.
هەر یەكێك لە ماڵپەڕەكانی BBC ی بەریتانی، حوڕەی ئەمەریكی، سكای نیوزی عەرەبی، جەزیرەی قەتەرە، عەینی ئیماراتی، كەناڵی عەرەبیەی سعوودیە و دەیانی تر لە چەند سەعاتی رابردوودا راپۆرتیان لەسەر بەشداربوونی كورد لە شەڕی ئێران كردووە و زۆربەی راپۆرتەكانیش جەخت لەسەر چەند خاڵێك دەكەنەوە، یەكەمیان ئایا پێشمەرگە سنووری ئێرانی بەزاندووە. دووەم كورد تاكە هێزە لە گۆڕەپانی ئێران، سێیەم خاڵە گومانكردنە لە گرەنتی بەردەوامبوونی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ كورد بۆ ئەوەی لە شەڕەكەی سەربكەوێت.
سەبارەت بە خاڵی یەكەم، چەندان بەرپرسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لێدوانیان ئەو دەزگایانەی راگەیاندن داوە و دووپاتی دەكەنەوە، ئەوان هێشتا سنووری ئێرانیان نەبەزاندووە، بەڵام ئامادەن بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئێران، تەنانەت چەند بەرپرسێكیان باسیان لەوە كردووە، شەڕكردن لە دژی ئێران و هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئێران بۆ رزگاركردنی رۆژهەڵاتی كوردستان خەونی چڵ ساڵەیانە.
خاڵی دووەم بوونی پێشمەرگەیە وەك تاكە هێزێكی مەیدانی بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئێران، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، هیچ هێزێكی تر نییە لە ئێران هاوشانی پێشمەرگە بێت، بۆیە ئەمەریكایش بەڵێنی پێداون لە رووی ئاسمانییەوە پشتیوانی سەربازییان پێ بدات، بۆ ئەوەی بتوانن بەرەیەكی بەهێز لەناو ئێران بكەنەوە و تا كەوتنی ئەو دەسەڵاتەی ئێران خێراتر بكەن.
بەڵام سەرجەم راپۆرتەكان باسیان لەوە كردووە، كورد گومانی هەیە لەوەی ئەمەریكا بەردەوام بێت لە پشتیوانی، بەمەیش دەكەوێتە بەرانبەر هێزێكی گەورەی وەك ئێران، ئەمە وای لە هەندێك لە راپۆرتەكان كردووە هێرشی كورد بۆ رزگاركردنی رۆژهەڵاتی كوردستان بە "سەركێشی" وەسف بكەن. هەندێك لە راپۆرتەكان بە دیوێكی تر باس لەوە دەكەن، كە كورد پێویستی بە گرەنتی زیاترە بۆ ئەوەی جووڵە بكات.