حزبوڵای عێراق: هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عێراق بەبێ رەزامەندیی موقاوەمە تێناپەڕێت

:: AM:10:02:07/03/2026 ‌
بەرپرسی تەناهیی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عێراقی نوێ بەبێ رەزامەندیی موقاوەمە تێناپەڕێت. ئەوە لە كاتێكدایە حكوومەتی نوێی عێراق تووشی چەقبەستوویی بووە، جەنگی ئێران لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلیش توندتر بووە كە گرووپەكانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق پاڵپشتی لە ئێران دەكەن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، ئەبو عەلی عەسكەری بەپرسی تەناهی لە حزبوڵای عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە پێوەستە بەو جەنگەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپا بووە. عێراقیش كە موقاوەمەی ئیسلامیی تێدا پاڵپشتی لە ئێران دەكەن و دەست بە هەموو لایەك دەوەشێنن، لەبارەی دۆخی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عێراق بەبێ رەزامەندیی موقاوەمە تێناپەڕێت.

عەسكەری زیاتر دەڵێت، دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق كە پێوەندیی بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەوە هەیە، بەهیچ شێوەیەك بەبێ رەزامەندیی موقاوەمە تێناپەڕێت جا هەر كەسێك بێت، واتە موقاوەمە رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە دانانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رێگە نادەن ویستەكانی ئەمەریكا لەوبارەیەوە بێتەدی.

حزبوڵا كە یەك لە گرووپە دیارەكانی موقاوەمەی ئیسلامیی عێراقە و راستەوخۆ فەرمان لە ئێران وەردەگرێت، لەوەی هەفتەیەكە جەنگی ئێران لەلاەین ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستی پێ كردووە، ئەوانیش هاتوونەتە ناو گۆڕەپانەكە و پاڵپشتی لە ئێران دەكەن، حزبوڵا و گرووپەكانی تری موقاوەمە جیا لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەكەنە ئامانج، هاوكات دەیان هێرشی مووشەكی و درۆنییان كردووەتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

ئەوە لە كاتێكدایە تا ئێستە هێزە سیاسییەكانی عێراق كە هێزیان لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە، نەیانتوانیوە بۆ حكوومەتی نوێی عێراق بگەنە رێككەوتن. بەتایبەتی كە سەرۆك وەزیران لە پشكی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیە، ئەوانیش بۆچوونی جیاوازیان لە نێواندا هەیە. لە 24ی كانوونی دووەم نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیان كاندید كرد، بەڵام بۆ ئەوەیش بەشێكیان رەتی دەكەنەوە.

ئەوەی ئێستە كاندیدكردنی مالیكیی بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق تووشی ئاستەنگ كردووە، لە 27ی كانوونی دووەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، رەتی كردەوە مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەگەر بیانەوێ بیسەپێنن، سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت. بۆیە كێشەكەی توندتر كردووە، بەوهۆیەوە تا ئێستە سەرۆك كۆماری عێراقیش نەخاتووەتە هەڵبژاردن كە لە پشكی كوردە.

پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، پێنج پارێزگای گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە.






وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د