بۆ دووەم جار هێرش دەكرێتە سەر پێگەیەكی كەتیبەكانی ئیمام عەلی

:: PM:07:22:07/03/2026 ‌

ئەمڕۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێی نایە هەشتەم رۆژیەوە، عێراق یەكێكە لە كاریگەرترین وڵاتان بەو شەڕە، بەتایبەتی بەهۆی میلیشیا شیعەكان كە بۆردمانی بەرژەوەندی و بنكە سەربازی و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەركیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوەش وای كردووە ئەمەریكا ئەوان بكاتە ئامانج.

ئێستە میلیشیاكان، كە بەشێكن لە حەشدی شەعبی، رۆڵی سەرەكیان لە بۆردمانكردنی فڕۆكەخانە و كونسولگەی ئەمەریكا لە هەولێر هەیە، سەرچاوەیەك ئاماژەی كرد كە لە سەعات 6:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا پێگەیەكی كەتیبەكانی ئیمام عەلیان لە شارەدێی گەیارە لە باشووری پارێزگای نەینەوا بۆردمان كردووە، ئەوەش دووەم كردنەئامانجی ئەو پێگەیە لە ماوەی 24 سەعات. 

بەپێی سەرچاوەكە لە دوای هێرشەكە تیمەكانی بەرگریی مەدەنی و بەڵگەی تاوان و شارەزایانی تەقەمەنی بەرەو شوێنی رووداوەكە چوونە و لێكۆڵینەوەیان لەبارەی زیانەكان دەست پێ كردووە.

هەفتەی رابردوو چەند سەرچاوەیەكی سیاسی و تەناهی ئاماژەیان كرد كە ئەو بۆردمانەی دەكرێتە سەر هەولێر، لە لایەن سێ لیوای حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا دەكرێت، ئەوەش وای كرد محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق بڕیاری لادانی بەرپرسانی هەواڵگری لە ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا بدات.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار، سەرچاوەی ئەو بۆردمانەی بەم دواییە هەولێری كردە ئامانج، بەتایبەتی دەوروبەری كونسوڵگەی ئەمەریكا و بنكەی سەربازیی هەریر، لای دەزگە تەناهییەكانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وشوێنی بۆردمانەكەش  ناسراو بووە، بەپێی زانیارییەكان، بۆردمانەكان لە كەرتەكانی سەر بە هەرسێ لیوای 50ی بابلیوون و 30 شەبەك و 14ی سەید شوهەدای سەر بە حەشدی شەعبی كراون، كە لە دەشتی نینەوا و لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا كار دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل