سوپای ئیسرائیل: ئێران مووشەکبارانی دەست پێ کرد و بچنە ناو پەناگەکان

:: PM:08:58:07/03/2026 ‌
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕای گەیاند، کەمێک پێش ئێستە مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و داوا لە هاووڵاتییان دەکات دەستبەجێ بچنە ناو ژوورە پارێزراوەکان.

ئەمشەو شەموو حەوتی ئادار، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، دەستنیشانمان کردووە کە کەمێک پێش ئێستە، مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل هاوێژراون".

سوپا ئاماژەی بەوە داوە، سیستەمەکانی بەرگری سەرقاڵی پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکانن و لە خولەکەکانی ڕابردوودا فەرماندەییی بەرەی ناوخۆ ڕێنمایی پێشوەختەی ڕاستەوخۆ بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان لە ناوچە پەیوەندیدارەکان ناردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، داوا لە خەڵک دەکەین بەرپرسیار بن و بەپێی ڕێنماییەکان جووڵە بکەن چونکە ژیان ڕزگار دەکەن.

سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردووەتەوە، دەبێت لە کاتی زەنگی ئاگادارکردنەوە بچنە ناو پەناگە و شوێنە پارێزراوەکان و تا ئاگادارکردنەوەی نوێ لەوێ بمێننەوە، دەرچوون لە پەناگەکان تەنیا دوای وەرگرتنی ڕێنمایی ڕاشکاو دەبێت.



وشە - پۆڵا مەحموود