شارەزایەك: شەڕی ئێران مانگێك تێپەڕ ناكات

:: PM:09:20:07/03/2026 ‌

ئەمڕۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران پێی نایە ناو هەشتەم رۆژ و بەردەوامە، لە لایەن ئێرانەوە هێرشەكان كەمتر بوونەتەوە و ئەمەریكاش باسی وەشاندنی گورزێكی گەورە لە تاران دەكات، لەو ناوەدا شارەزایان پێشبینی دەكەن لەبەر چەند هۆكارێكەوە شەڕەكە مانگێك زیاتر تێپەڕ نەكات. 

عەباس سرووت، شارەزای تەناهی و ئەندامی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پێی وایە ئەو شەڕەی ئێستە لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل ئێران هەیە زۆر ناكێشێت، مانگێك تێپەڕ ناكات، ئەوەش لە سایەی چەند هۆكارێكەوە، لەوانە سیاسی و ئابووری و سەربازی كە ئەگەری هەیە ئاگربەست بسەپێنن.

روونی كردەوە، شەڕەكەی خەرجییەكی زۆری هەیە، بەپێی خەمڵاندنەكان خەرجی رۆژانەی ئەو شەڕە زیاتر لە ملیارێك دۆلارە، رەنگە بەهۆی فرەوانیی رووبەری شەڕەكە زۆر لەوە زیاتریش بێت، واشنتن درك بەو خەرجییە گەورەی شەڕەكە و زیانە ئابووری و سەربازییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، جیا لەو بێزارییەی لەناو وڵاتانی كەنداو بەهۆی بۆردمانكردنیان بەهۆی بوونی بنكە سەربازییەكانی ئەمەركیا لەوێ دروست بووە، هەروەها ئەو بنكانە هیچیان بۆ پاراستنی ئەو وڵاتانە نەكردووە.   

سرووت دووپاتی كردەوە، بۆیە بەردەوامیی شەڕەكە خەرجی دارایی لەسەر هەموو لایەنەكان زیاتر دەكات، جیا لە داخستنی گەرووی هورمز و كاریگەرییەكەی لەسەر شێوانی بازاڕی نەوت لە دنیا، ئەوانەش گوشارێكی زۆریان دروست كردووە، كاتێك 24%ی نەوتی دنیا بەو گەروەوە تێپەڕ دەبێت، وەستانی ئەو بڕەش هەڕەشە دەخاتە سەر ئابووریی دنیا و گوشاری وەستانی شەڕ زیاتر دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل