خەریكە ئەو تاسانەی ئێران بەهۆی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای لە یەكەم هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل سەرەتای هەفتەی رابردوو دووچاری هاتەوە بەری دەدات، ئێستە ئێران خۆی بۆ شەڕێكی درێژخایەن ئامادە دەكات كە لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا و ئیسرائیل نییە، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، ئێران تەواو ئامادەیە بۆ شەڕێكی درێژخایەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لیوا رەزا تەڵائی نیك گوتەبێژ بە ناوی
وەزارەتی بەرگریی ئێران لە لێدوانێكی بۆ تەلەڤزیۆنی ئێران رای گەیاند، هێزە چەكدارەكانی ئێران ئامادەیە بۆ شەڕێكی درێژخایەن و بەردەوام، ئەوەش بەپێی رێنوێنییەكانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران داینابوو، پلانەكانی بەرگریكردن پێشتر ئامادە كرابوون بۆ هەموو جۆرە سیناریۆكان.
دووپاتی كردەوە، یەدەگی ستراتیجی لە چەك و كەرەستە و تەقەمەنی پێشتر بۆ هێزە چەكدارەكان ئامادە كراوە، تا ئێستە ئێران تەنیا بەشێكی توانا سەربازییەكانی لە چوارچێوەی پلانێكی گشتگیری ستراتیجی بەكار هێناوە، ئێستە ئیدارەدانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان بەپێی حیساباتی ستراتیجی دەكرێت بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە توانا بەرگرییەكانی وڵات لەسەر ئاستێكی درێژخایەن.
شایەنی باسە هەفتەی رابردوو ئێران شۆكی یەكەم گورزی هەڵمەتە سەربازییەكە و كوژرانی رابەرەكەی بەری نەدابوو و دەستی بە بۆردمانێكی هەرەمەكی و چڕی ناوچەكە كرد، ئێستە خەریكە كار لەسەر چەند كارتێك دەكات، لەوانە داخستنی گەرووی هورمز كە كار لە نرخی نەوت و زیانگەیاندن بە وڵاتانی ناوچەكە و دنیا دەكات، زیادبوونی خەرجی شەڕەكەی لەسەر ئەمەریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، بێزاربوونی وڵاتانی كەنداو لە شەڕ و لە نەپاراستنیان لە لایەن ئەمەریكا بەو شێوە گوشار بە ئاراستەی وەستانی شەڕەكە دەكەن.