سوپای پاسداران ئاماری جەنگی بڵاو کردەوە: 17 کەشتیی ئەمەریکا و ئیسرائیلمان سووتاندووە

:: PM:11:15:07/03/2026 ‌
سوپای پاسدارانی ئێران ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی هەفتەی یەکەمی جەنگی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، بە 2600 درۆن هێرشیان کردووە و هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ئەوان گۆڕاوە.

ئەمشەو شەموو حەوتی ئادار، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، قەبارەی ئەو مووشەك و درۆنانەی لە سێ ڕۆژی یەکەمدا بەکارمان هێناوە، یەکسانە بە جەنگی 12 ڕۆژە و تەرازووی هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی ئێران گۆڕاوە.

لە ئامارەکاندا هاتووە، لە ماوەی هەفتەیەکدا بە 2600 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، هاوکات 200 بنکەی ئەمەریکا و ئیسرائیلیان بە مووشەکی بالیستی بۆردومان کردووە.

سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، تا ئێستە 17 پارچەی دەریایی (کەشتی)ـی ئەمەریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان سووتێنراون.


سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە، سوپای پاسداران ڕای گەیاند، وەک وەڵامێک بۆ لێدانی کۆگایەکی نەوت لە تاران، پاڵاوگەکانی حەیفایان کردووەتە ئامانج.


لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، سوپای پاسداران دووپاتی کردووەتەوە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گرووپەکانی بەرگریی عێراقی، بارەگای "گرووپە جوداخوازەکانیان" لە عێراق وێران کردووە.



وشە - پۆڵا مەحموود