سوودانی: كردنەئامانجی باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەستبردنە بۆ سەقامگیریی عێراق

:: PM:11:22:07/03/2026 ‌

ئێوارەی ئەمڕ چەند مووشەكێك لە رۆژهەڵاتی بەغداوە بەرەو باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز هەڵدران، دوای هێرشەكە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق فەرمانی بۆ فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان دەركرد بۆ راوەدوونانی ئەنجامدەرانی هێرشەكە و گرتن و رادەستكردنیان بۆ دادگا.

سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، سوودانی لە رێنوێنییەكانی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئەو دەستدرێژییانە دەستبردنن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی تەواوەی وڵات، ئەنجامدەرانی خراپەكاری بەرانبەر بە عێراق و سەروەری و ئاسایشەكەی دەكەن، ئەو گرووپە یاساشكێنانە بەرجەستەی خواستی گەلی عێراق ناكەن و بژارەی شەڕ و كردە سەربازییەكان راستەوخۆ بە دەستی دەوڵەتەوەن. 

ئەو هەڵوێستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كاتێكی زۆر هەستیار دێت، كە عێراق هێشتا نەیتوانیوە حكوومەتی نوێ پێك بێنێت، هاوكات خەریكە كاریگەریی شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل دێتە ناو عێراق و نێردە دیپلۆماسییەكان و ناوچەی سەوزیش دەگرێتەوە، كە ئەوەش هەڕەشەیەكی تر و نزیكبوونەوەی تەنگژەیەكی تری دیپلۆماسییە. 

ئەمڕۆ شەموو سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە بەغدا بیستراوە، هاوكات سیستمی بەرگری ئاسمانی لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز بۆ دوورخستنەوەی چەند تەنێكی نامۆ كارا كرا، دواتر هاتە راگەیاندن كە چەند مووشەكێك لە رۆژهەڵاتی بەغداوە بەرەو باڵوێزخانەكە هەڵدراون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل