هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كە ئەمڕۆ چووە ناو نۆیەم رۆژیەوە، میلیشیاكانی عێراق دەستیان بە جموجۆڵ كردووە و بنكە سەربازی و بەرژەوەندی و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بۆردمان دەكەن، ئەوان دەڵێن هێزەكانی ئیسرائیل هاتوونەتە ناو عێراق و ژمارەیەك كارمەندی تەناهییان كوشتووە.
شێخ عەلی ئەسەدی سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی بزاوی نوجەبا رای گەیاند، هێزە تایبەتەكانی ئیسرائیل هاتوونەتە ناو عێراق و ژمارەیەك كارمەندی تەناهییان كوشتووە، روونی كردەوە، مەبەست لە هاتنی ئەو هێزە بۆ ناو عێراق بۆردمانكردنی وڵاتانی ترە بە درۆن بۆ ئەوەی تۆمەتی بۆردمانەكە بخەنە سەر ئێمە، بۆیە ئیسرائیل عومان و توركیای بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان بۆردمان كردووە.
زیاتر گوتی، كەسایەتییەكی عێراقی كە پۆستی هەیە، پەیامی سیخوڕیی تەناهی لەسەر حەشدی شەعبی و میلیشیاكان بۆ ئەمەریكا گواستووەتەوە و ئێمەش ئاشكرامان كردووە و پەیامێكمان ئاراستە كردن، هاوكات لەگەڵ نكووڵیكردنی لە بۆردمانكردنی وڵاتانی ناوچەكە ئەو ئاشكرای كرد كە ژوورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان لە نێوان هێزەكانی موقاوەمە لە عێراق و لبنان و یەمەن و ئێران پێك هێناوە، حوسییەكانی یەمەن رۆڵێكی زۆر گرنگیان لە شەڕ لە رۆژانی داهاتوو دەبێت و هێرشی مووشەكی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب ئەنجام دەدەن.