وەزارەتی بەرگری توركیا هۆشداری دەداتە ئێران

:: PM:08:14:09/03/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی توركیا تێكشكاندنی مووشەكێكی بالیستیی ئێرانی راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بەرانبەر بە هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر خاك و ئاسمانی وڵاتەكەمان، بەبێ دوودڵی و بە پێداگرییەوە هەموو هەنگاوێكی پێویست دەنێین.

وەزارەتی بەرگریی توركیا لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، مووشەكێكی بالیستی كە لە خاكی ئێرانەوە ئاراستەی ئاسمانی وڵاتەكەیان كرابوو، لە لایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانیی ناتۆوە تێكشكێنرا و پارچەكانی لە سنووری شاری دیلۆكی باكووری كوردستان كەوتوونەتە خوارەوە.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە هێزەكانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەكیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەو مووشەكە بالیستییەیان كردووەتە ئامانج و تێكیانشكاندووە.

وەزارەتی بەرگریی توركیا پەیامێكی هۆشداریی توندی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "توركیا گرنگییەكی زۆر بە پێوەندیی باشی دراوسێیەتی و سەقامگیریی ناوچەكە دەدات، بەڵام جارێكی تر دووپات دەكەینەوە، بەرانبەر بە هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر خاك و ئاسمانی وڵاتەكەمان، بەبێ دوودڵی و بە پێداگرییەوە هەموو هەنگاوێكی پێویست دەنێین."



وشە - سه‌رخێڵ هاشم