ترەمپ: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی هەڵەیەکی گەورەیە و هەلی مانەوەی نییە

:: PM:10:24:09/03/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەخنەی توندی لە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران گرت، کە بووەتە جێگرەوەی عەلی خامنەیی باوکی کە لە سەرەتای جەنگەکەدا کوژرا، و ڕای گەیاند"هیچ هەلێکی ڕاستەقینەی بۆ مانەوە نییە".

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی 13ی ئیسرائیلی، ترەمپ هەڵبژاردنی کوڕەکەی خامنەیی بە "هەڵەیەکی گەورە" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە دوور نییە لە داهاتوودا بایکۆتی نەوتی کۆماری ئیسلامی بکەن، بەڵام ڕوونی کردەوە کە "هێشتا زووە ئێستە باسی ئەوە بکرێت". گوتیشی، موجتەبا خامنەیی تووشی سەختییەکی زۆر دەبێت بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

لێدوانەکانی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە لە پشووەکانی کۆتایی هەفتەدا تۆنی قسەکانی دژی کوڕەکەی خامنەیی توندتر کردبوو. لە دیمانەیەکی تریدا لەگەڵ کەناڵی "ABC News"، سەرۆکی ئەمەریکا گوتبووی ڕێبەرە نوێیەکە "زۆر نامێنێتەوە" ئەگەر ڕەزامەندیی ئیدارەی ئەمەریکا بەدەست نەهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ خۆی بەدوور گرت لە دووبارەکردنەوەی هەڕەشەکانی پێشووی کە دەیگوت زیان بە هەر جێگرەوەیەک دەگەیەنێت کە بێ ڕەزامەندیی ئەو دیاری بکرێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لەو ڕاپۆرتانە کرد کە دەڵێن ئیدارەکەی تاوتوێی ئەگەری ناردنی هێزی سەربازی دەکات بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ژێر زەوی لە ئەسفەهان بە مەبەستی پاراستنی مادە هەستیارەکان، بەڵام ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و ڕوونی کردەوە "هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە و هێشتا زۆر لەوە دوورین".

شەوی ڕابردوو ئێران بە فەرمی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵا ڕاگەیاند. لەم بارەیەوە عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دووپاتی کردەوە، "ڕێبەری باڵای نوێ دەتوانێت لەم هەلومەرجە هەستیارەی ئێستەدا سەرکردایەتیی وڵات بکات"، و داوای یەکڕیزیی کرد.

لە بەرانبەردا، ڤیدیۆ و دەنگی هاووڵاتییانی ئێرانیی دژی ڕژێم تۆمار کراوە کە لە شەقامەکاندا دروشمی "مەرگ بۆ موجتەبا" دەڵێنەوە، بەڵام سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ ڕێبەرە نوێیەکە ڕاگەیاند و نووسیویەتی: "بە فەرمانی تۆ ئەی خامنەیی".


وشە - پۆڵا مەحموود