كەشتییەكی تر لە گەرووی هورمز هێرشی كرایەسەر

:: AM:10:56:11/03/2026 ‌
دەستەی چاودێریی جووڵەی دەریایی بەریتانیا، ئەمڕۆ چوارشەم بۆردمانكردنی دووەم كەشتی لە ئاوەكانی گەرووی هورمز ڕاگەیاند، بەوهۆیەوە ئاگرێكی گەورە لەسەر كەشتییەكە دروست بوو و هێزەكانی فریاگوزاری بە فریای تیمی سەر كەشتییەكە چوون و سەرجەمیان ڕزگار كردوون.

دەستە بەریتانییەكە نووسیویەتی، ئاگرێكی گەورە لەسەر دووەم كەشتی كە ئەمڕۆ لە هورمز بۆردمان كرا، دروست بووە و تیمی كەشتییەكە بە پەلە داوای بەهاناوەچوونیان كرد و تیمەكانی فریاكەوتن گەیشتنە شوێنەكە، زۆرینەی ڕەهای تیمی كەشتییەكەیان لەسەر كەشتییەكە هێناوەتە خوارەوە و بەرەو شوێنی سەلامەت براون. تا هیچ وڵات و گرووپێك بەرپرسیاریەتیی هێرشەكەیان نەخستووەتە ئەستۆی خۆیان.

هاوكات بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەمیش بەهەمانشێوە كەشتییەكی تر لە ئاوەكانی هورمز بۆردمان كرا، بەڵام تەنیا زیانی مادی بەركەشتییەكە كەوت و سەرجەم ئەندامانی تیمەكەیشی سەلامەتن.

گەرووی هورمز یەكێكە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیجییەكانی دنیاش، لە دۆخی ئاساییدا ڕۆژانە 100 تا 200 كەشتی زەبەلاحی نەوتهەڵگر و گوێزەرەوەی كەلوپەل تێیدا هاتوچۆ دەكەن. لە دوای دەستپێكردنی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران هەڕەشەی داخستنی دەكات و ئەمەریكایش دەوێ بە كراوەیی بمێنێتەوە، ئێستەیش هاتوچۆی كەشتییەكان لەم گەرووە لە 100 تا 200 كەشتییەوە بۆ 10 كەشتی و كەمتر لە 10 كەشیتش ڕۆژانە هاتوچۆ بەو ڕێڕەوە ستراتییجەی ئاو دەكەن


وشە - باز ئه‌حمه‌د