ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئاداری 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ئێوارەخوانێکی بەربانگدا لەگەڵ ئەندامانی پێشووی پەرلەمان و ئەندامانی گرووپی پەرلەمانیی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنقەرە، هێرشی توندی کردە سەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ڕای گەیاند کە گەورەترین کارەسات لە دوای هۆلۆکۆستەوە بەسەر جوولەکەدا هاتبێت، بنیامین نەتانیاهۆیە.
ئەردۆغان لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، تەنانەت گەلی ئیسرائیل کە هەموو شەوێک لە پەناگەدا بەسەر دەبەن، ئێستە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە گەورەترین کارەسات کە لە دوای هۆلۆکۆستەوە بەسەریاندا هاتبێت، نەتانیاهۆیە.
لەبارەی دۆخی ناوچەکە و ململانێکانەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە قەیرانی ئێران بە تەواوی ڕوونە، تورکیا هەمیشە پاڵپشتیی لە ئاشتی کردووە نەک جەنگ. هاوکات ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی هەوڵی چڕوپڕ دەدات بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئیسرائیلیش، ئەردۆغان گوتی، ئیسرائیل پێی وایە بە تۆقاندنی ناوچەکە دەتوانێت ئاسایشی خۆی مسۆگەر بکات، بۆیە هێرشەکانی بۆ سەر غەزە چڕتر دەکاتەوە و ئاگربەستی پێشێل کردووە، لە هەمان کاتدا هەوڵی داگیرکردنی لوبنانی دەست پێ کردووە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەردۆغان هۆشداریی دا و ڕای گەیاند، ناوچەکەمان وردە وردە بەرەو کارەسات ڕادەکێشرێت، ئەویش بە چەپۆکێکی ستەمکاری لەلایەن تۆڕێکی تاوانکارییەوە.