ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئاداری 2026، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرانبەر بە ئامانجگرتنی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا کاریان دەکرد، و دووپاتی کردەوە کە ڕووداوەکە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەلامەتیی کەشتیوانیی دەریایی و چالاکییە نەوتییەکان لە وڵاتەکەدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئاکامی ئامانجگرتنی ئەو دوو کەشتییە لە نزیک بەسرە کە بە بەلەمێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجام دراوە، کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکی تریش لە ڕیزەکانی تاقمەکە بریندار بوون.
سۆمۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، کەشتیی (SAFESEA VISHNU) کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردووە و بەکرێ دراوە بە یەکێک لە کۆمپانیا عێراقییە گرێبەستکارەکان، لە کاتی بوونی لە ناوچەی باری تەنیشت لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق، ڕووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە. هەروەها کەشتیی دووەم بە ناوی (ZEFYROS) کە ئاڵای ماڵتای هەڵکردووە و باری خەستکراوەکانی کۆمپانیای غازی بەسرەی هەڵگرتبوو، ئەویش لە هەمان ناوچەدا ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا سۆمۆ ڕوونی کردووەتەوە کە کەشتیی (ZEFYROS) ئامادەکاریی دەکرد بۆ ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەم بچێتە ناو بەندەری خوور زوبێر بە مەبەستی بارکردنی بڕێکی تری بەرهەمی نەفتا کە بڕەکەی دەگاتە 30 هەزار تۆن، ئەوەش دوای تەواوکردنی پرۆسەی باری تەنیشت و بەتاڵکردنەوەی بڕی پێشووی کە پێوەندیی پێوە هەبووە.
لە کۆتاییدا کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە کە ئەم پێشهاتە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی عێراق، هاوکات هەڕەشەیەکی مەترسیداریشە بۆ سەر سەلامەتیی کەشتیوانیی دەریایی و ئەو ئۆپەراسیۆنە نەوتییانەی لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا بەڕێوە دەچن.